Loading...
Larger font
Smaller font
Copy
Print
Contents
  • Results
  • Related
  • Featured
No results found for: "".
  • Weighted Relevancy
  • Content Sequence
  • Relevancy
  • Earliest First
  • Latest First
    Larger font
    Smaller font
    Copy
    Print
    Contents

    ٥ - خۆبەدەستەوەدان

    پەیمانی خودا ئەمەیە: “ئەگەر بە هەموو دڵتانەوە بە دوومدا بگەڕێن دەمبینن و دەمدۆزنەوە” (ئیرمیا ٢٩: ١٣).KB 31.1

    تەواوی دڵ دەبێ بدرێ بە خودا و تەسلیمی بێت وانەبێت هەرگیز ناگۆڕێن وچاک نابین کە وەک وێنەی و نموونەی ئەو بین، ئێمە بە سرووشت دوژمن بە خوداین، ڕووحی قودس بەم جۆرە باسمان دەکات: “ئێوە لە ڕابردوودا مردوو بوون لای خودا بە هۆی گوناه و هەڵەکانتان.” (ئەفەسۆس ٢: ١)، هەروەها “سەر هەموو نەخۆشە، دڵ هەموو لاواز و گێژ.” “هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە” (ئەشعیا ١: ٥، ٦)، ئێمە کەوتووینە تەڵەی شەیتانەوە، بەپێی ویستی ئەو دیل کراوین، “لەلایەن شەیتانەوە دیل کران تا بۆ نیازی خۆی بەکاریان بێنێت” (٢ تیمۆساوس ٢: ٢٦)، خودا دەیەوێت تیمار و ڕزگارمان بکات، ئەم دوو نیازە گۆڕین و تازەکردنەوەیەکی بنەڕەتی دەوێت لە خوو ڕەوشتمان، ئێمە پێویستە بەتەواوی خۆمان تەسلیمی خودا بکەین .KB 31.2

    جەنگی دژ بە “خۆ” گەورەترین جەنگە کە ئێستا ڕووی داوە، خۆ تەسلیم کردن وملکەچی بۆ ویستی خودا، هەوڵ و کۆشش و جەنگێکی قورسی دەوێ، گیان پاک وتازە نابێتەوە تا بەتەواوی خۆمان تەسلیمی خودا نەکەین و ملکەچی فەرمانەکانی نەبین.KB 31.3

    خواستی خودا بەو جۆرە نییە کە شەیتان بۆمان دەردەخات، لە سەر بڕیار و فەرمانی بێ بەڵگە و تەسلیمی کوێرانە دانەمەزراوە، خودا لەگەڵ ئەقڵ وهۆشمان دەدوێت، بانگمان دەکات: “وەرن با بە بەڵگەوە لێی بدوێین” (ئەشعیا ١: ١٨)، خودا زۆر لە دروست کراوانی خۆی ناکات کە ملکەچی فەرمانەکانی بن، پەرستن و ملکەچی قبووڵ ناکات ئەگەر لە هۆش و ویستی دەروونەوە هەڵنەقوڵابێت، ملکەچی و تەسلیم بوونی بە زۆر دەبێتە کۆسپ لە بەردەم ڕێی پێشکەوتن و گەشەکردنی بیر و هۆش و کەسایەتی مرۆڤ، مرۆڤ دەکات بەمەکینەیەکی بێ هەست، خودا بۆ ئەو مەبەستە ئێمەی دروست نەکردووە، بەڵکو خودا ئارەزوو دەکات مرۆڤ کە شاکار و دەستکردی خۆیەتی بێگەێنێت بەوپەڕی پێشکەوتن و پێگەیشتن، زیادترین بەرەکەتی خستۆتە بەردەستمان کە لە ڕێی ڕەحمەت و بەخشینی ئەوەوە پێی دەگەین. بانگمان دەکات کە خۆمان تەسلیمی ئەو بکەین تا ویستی ئەو ڕێپیشاندەرمان بێت و کارمان تێ بکات، بڕیاری داوەتە دەست خۆمان بۆ هەلبژاردن لە نێوانی؛ مانەوە لە کۆیلایەتی و دیلیەتی گوناه، یان هاوبەشی لە ڕزگاری و پایە بڵندی منداڵانی خودا کە لە ڕەحمەت و بەرەکەتی خوداوە پێیان دەگات .KB 31.4

    لە خۆتەسلیم کردنمان بە خودا دەبێ بێ چەندوو چوون دەست هەڵگرین لە هەموو ئەو شتانەی کە جیامان دەکاتەوە لە خودا. عیسا لە کاتی قسە کردن لەگەڵ شاگردەکانی ووتی “هەریەکە لە ئێوە ئەگەر هەموو ماڵی بەجێ نەهێڵێت ناتوانێ ببێت بە موریدی من.” (لۆقا ١٤: ٣٣)، هەر شتێک ببێتە هۆی دڵگۆڕین لە خودا پێویستە وازی لێ بهێنرێت . ماڵی دونیا بتێکە گەڵێ کەس دەیپەرستن، خۆشەویستی بۆ پوول و ئارەزووی سامان و دەڵەمەندی زنجیرێکی زێڕینە کە دەیانبەستێت بە شەیتانەوە . چینێکی دی ناوبانگ و پلە و پایەی ئەم جیهانە دەپەرستن، دەستەیەکی دی ژیانی تەمبەڵی و خۆپەسندی و بەرپرسیار نەبوون دەپەرستن. بەڵام ئەم هەموو کۆت و زنجیری کۆیلە و نۆکەرایەتی یە دەبێ بشکێنرێن، ئێمە ناتوانین ژیانمان دابەش بکەین لە نێوان خودا و جیهاندا، ئێمە ناتوانین ببینە منداڵی خودا تا خۆمان بە تەواوی نەدەین بە دەستەوە. KB 32.1

    کەسانێک هەن کە دەڵێن ئێمە خودا دەپەرستین، بەڵام تەنها پشت بەخۆیان دەبەستن لە پەیڕەوی یاساکانی خودا، بۆ هێنانەدی خوو ڕەوشتی چاک، بۆ ڕزگاری ونەجات بوون لە تەنگ و چەڵەمە. ئەمانە دڵیان نەبزواوە بە هستی قووڵی خۆشەویستی مەسیح، ئەم جۆرە کەسانە بە شێوەیەکی مردوو مامەڵە لەگەڵ ئەرکەکانی ژیانی مەسیحدا دەکەن وادەزانن بەوە دەچنە بەهەشت . ئەمە خودا پەرستی نییە کە دەیکەن؛ بەڵام کەی مەسیح لە دڵماندا ژیا، گیانمان پڕبوو لە خۆشەویستی و خۆشبەختی هاوڕێ کردنی ئەو، وە مەسیح-مان کردە مەڵبەندی بیر و ڕامان ئەوسا “خۆ” لە بیر دەکەین و خۆشەویستی بۆ مەسیح دەبێت بە سەرچاوەی کردەوەمان . ئەوانەی هەست بە خۆشەویستی خودا دەکەن، ناڕواننە ژیانی مەسیحیەتی وەک فەرمانێک کە دەبێ بیکەن، بەڵکو مەبەستی تەواویان لێکچوونە لەگەڵ وێنەی مەسیح، وە کارکردنە لە سەر خواست وویستی ئەو، بەئارەزوویەکی قووڵەوە هەموو تەسلیم دەبن، حەزێکی وا پێشان دەدەن کە شیاوی نرخی مەبەستەکەیان بێت، دان نان بە مەسیح دا ئەگەر لە خۆشەویستییەکی قووڵەوە نەبێت، تەنها قسەیە و کارێکی ڕۆتین و ژیانێکی کۆیلایەتتە.KB 32.2

    وا هەست دەکەیت تەسلیم بوون بە مەسیح قوربانییەکی یەکجار گەورەیە؟ لە خۆت بپرسە مەسیح چی بە من داوە؟ ئەو بۆ نەجات و کڕینەوەی ئێمە هەموو ژیان و خۆشی و خۆشەویستی خۆی دانا، ئایا ئێمە شایستەی خۆشەویستییەکی ئاوا گەورە نین؟ ئایا دەبێ دڵمانی لێ بێ هەست کەین؟ چونکە ئێمە هەموو چرکەیەکی ژیانمان هاوبەشی خێر و خۆشی و چاکەی ئەوین، لەبەر ئەوە ناتوانین بە چاکی هەست بە قوڵایی ئەو نەزانین و سەرگەردانییە بکەین کە ئەو لێی ڕزگار کردین، ئایا دەتوانین بیبینین کە بەگوناهەکانی ئێمە بریندار کراوە، ئینجا لە خۆشەویستی و خۆبەختکردنی ناڕەحەت بین ؟ ئایا دەتوانین هێمنی بێ فیزی بێ سنووری ئەو ببینین و پاشان ورتەو بۆڵەی ئەوەمان بێت کە گوایە ڕێ نییە بۆ چوونە ناو ژیانی خواپەرستی مەگەر بە کێشمەکێش و سەرکوێر کردنی خۆ نەبێت ؟KB 32.3

    هەندێک کەسانی لە خۆبایی دەپرسن و دەڵێن ؛ بۆچی دەبێ خوشکاندن و تۆبە و پەشیمانی بنوێنین بۆ دڵنیا کردنی خودا لە قبووڵ کردنمان ؟ بۆ ووڵامی ئەم پرسیارە پەنجە ڕادەکێشم بۆ مەسیح خۆی کە پاک و بێ گوناه بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کە سەرداری ئاسمان بوو، بەڵام لە پێناوی ئێمەی مرۆڤ بوو بە گوناه “لە ڕیزی خەتاکاران ژمرێردرا، گوناهی کەسانێکی زۆری هەڵگرت و بۆ گوناهکاران پاڕایەوە” (ئەشعیا ٥٣: ١٢ ).KB 33.1

    بەڵام ئەو (هەمووە) چییە کە ئێمە دەبێ بیدەین بەخودا؟ ئەوە دڵێکە، دڵێکی ناپاکی پڕ لە گوناه، کە مەسیح دەیەوێ بە خوێنی پاکی خۆی خاوێنی بکاتەوە و ڕزگاری کات بە خۆشەویستی بێ پایانی. کەچی لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا خەڵکی بە زۆری دەزانن کە ئەم (هەمووە) بدەن! بە ڕاستی جێی شەرمە.KB 33.2

    خودا داوای ئەوەمان لێناکات کە دەست لە بەرژەوەندیەکانی خۆمان هەڵگرین، بۆ هەموو کارێکی کە دەیکات خێر و خۆشی منداڵانی دەخاتە پێش چاو، خۆزگە هەموو ئەو کەسانەی کە هێشتا مەسیح-یان هەڵنەبژاردووە ئەو ڕاستیەیان دەزانی کە ئەوەی مەسیح دەیەوێت بیبەخشێ پێیان گەڵێک زیادترە لە وەی کە ئەوان بۆ خۆیانی داوادەکەن. کاتێک مرۆڤ بیر لە دژایەتی ڕێگای خودا دەکاتەوە و دژی خواستەکانی ئەو کاردەکات، گەرەترین زیان بەخۆی دەگەێنێت، چونکە خۆشی و بەختیاری ڕاستەقینە وەرناگرین لە گرتنی ڕێگای ناڕاست و قەدەغە کراوو دەرچوو لە داواکاریەکانی خودا.KB 33.3

    خودا خۆی خێر و خۆشی دەستکردی خۆی دەزانێ، ڕێگای گوناه و دەست درێژی دەمانگەێنێتە بەدبەختی و سەرلێشیوان هەڵەیە ئەگەر وابزانین کە خودا ڕازییە بەوەی منداڵانی خۆی ببینێت کە لە ناخۆشیدان، چونکە هەموو ئاسمان بە تەنگ بەختیاری مرۆڤەوەیە، باوکی ئاسمانیمان دەروازەی شادی و بەختەوەری خۆی لە مندالانی داناخات، بەڵام داوامان لێدەکات کە نوقمی کەیف و خۆشی خۆپەرستی خۆمان نەبین کە تەنها ئازار و نائومێدیمان بۆ دەهێنێت و دەروازەی بەهەشت و خۆشیمان لێدادەخات . ڕزگارکەری جیهان بەو جۆرەی کە هەین قبووڵمان دەکات، واتە: بە هەموو لاوازی و کەم و کوڕی و ناتەواویمانەوە، ئەو نەک هەر تەنها لە گوناه پاکمان دەکاتەوە و بە خوێنی خۆی دەمان کڕێتەوە، بەڵکو ئامادەیە کە ئارەزووەکانی هەموو ئەو کەسانەش بێنێتە دی کە بانگکردنی ئەو قبووڵ دەکەن و باری هەڵدەگرن. ئەو دەیەوێت ئاشتی و ئاسووودەیی بدات بە هەموو ئەوانەی کە دێن بۆ لای بۆ نانی ژیان.KB 33.4

    ئەو تەنها داوای ئەوەمان لێدەکات ئەو کارانە بکەین کە ڕێنوێنی هەنگاوەکانمانن بۆ ئەوپەڕی شادی و بەختەوەری، کە فەرمان شکێنەرانی خودا هەرگیز پێی ناگەن. ژیانی بەختیاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە مەسیح “هیوای شکۆمەندی” لە دەروونماندا دروست بکات. گەلێ کەس دەپرسن “چۆن خۆم بدەمە دەست خودا؟” تۆ حەز دەکەیت خۆت بدەیتە دەست خودا، بەڵام هەست بە لاوازی خوو ڕەوشت دەکەیت، کۆیلەی گومان و دوو دڵیت، خووە شەڕاویەکانی ژیانت دیلی کردوویت، دەستت گرتووە بە گوریسی گوناهتەوە، بێ پەیمانی و ورەت ڕووخاوە، بیر و هەست و سۆزی خۆت بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت، بڕوات بە دڵسۆزی خۆت نەماوە وا هەست دەکەیت کە خودا تۆ قبووڵ ناکات. بەڵام نائومێد مەبە، ئەوەی تۆ پێویستتە لەم کاتەدا ئەوەیە کە بەڕاستی له هێزی ویست وئیرادە تێ بگەیت ئەمە هێزی بزوێنەر و فەرمان گێڕە لە سروشتی مرۆڤدا، هێزی هەڵبژاردنی داوە بە مرۆڤ، وەستاوە لە سەر ئەوەی چۆن بەکاری دەهێنن، ئەگەر تۆ نەتوانی دڵت نوێ بکەیتەوە، نەتوانی هەستی خۆت بدەی بە سۆز و خۆشەویستی خودا، بەڵام دەتوانی وای هەڵبژێریت کە لە خزمەتی ئەودا بیت، ئەوسا ئەو کار دەکاتە سەر دڵی تۆ و تەواوی سروشتت دەکەوێتە ژێر ڕکێفی گیانی مەسیحەوە، هەست و سۆزت لە دەوری ئەو کۆدەبنەوە، هەست و بیرت لە هارمۆنیدا دەبێت لەگەڵ ئەودا.KB 34.1

    ئارەزوو بۆ چاکە و پیرۆزێتی تا ئەو شوێنە بڕۆن باشن، بەڵام ئەگەرهەر لە سنووری ئارەزوو ماندا مانەوە و وەستان، بە کەڵکی هیچ نایەن. گەلێ کەس هیوا و ئارەزوو دەکەن ببن بە مەسیحی بەڵام لەبەر ئەوەی خۆیان نەداوەتە دەست خودا، وە مەسیحیان هەڵ نەبژاردووە، وون دەبن.KB 34.2

    لە ڕێگەی بەکار هێنانی “ویست و ئیرادە” بە ڕاست و دروستی، وە خۆ تەسلیم کردن بە مەسیح، گۆڕانێکی گشتی لە ژیانتدا دروست دەبێ، تۆ دەبیت بەهاو پەیمانانی هێزی ئاسمانی کە لە سەروو هەموو پادشاو دەسەڵاتێکەوەیە. ئەوسا هێزی ئاسمانیت دەبێت کە دەتپارێزێ و لە ناخەوە پتەوت دەکات. بەخۆ بەدەستەوە دانی هەمیشەیی بە خودا دەتوانی ژیانێکی نوێ بژیت، ژیانی باوەڕ.KB 34.3

    Larger font
    Smaller font
    Copy
    Print
    Contents