Loading...
Larger font
Smaller font
Copy
Print
Contents
  • Results
  • Related
  • Featured
No results found for: "".
  • Weighted Relevancy
  • Content Sequence
  • Relevancy
  • Earliest First
  • Latest First
    Larger font
    Smaller font
    Copy
    Print
    Contents

    ١٣ - ئاشتی وبەختیاری لە باوەشی خودا

    منداڵانی خودا بنگ دەکرێن کەببن بە نوینەری مەسیح تا چاکە و رەحمەتی خودا بە جیهان پیشان بدەن، وەک چۆن عیسا ڕاستی سیفاتی باوکی بۆ ئێمە دەرخست، هەروەها ئێمەش لە سەرمانە کە مەسیح دەربخەین بۆ ئەو جیهانەی کە بەزەیی وخۆشەویستی پڕ لە میهرەبانی ئەو ناناسێت. عیسا ووتی“هەروەک تۆ منت نارد بۆ جیهان، هەروەها منیش ئەوان دەنێرم بۆ ناو خەڵکی. من لە واندام و تۆش لە مندا.... تا جیهان بزانێ کە تۆ منت ناردووە.” (یۆحەننا ١٧: ١٨، ٢٣)، پێغەمبەر پۆڵس بە شاگردەکانی عیسا دەڵێ “ئێوە ناسراون وەک نامەیەکی پەسەندکراوی مەسیح. هەموو کەسێک دەتان ناسێ و دەتان خوێنێتەوە” (٢کۆرنسۆس ٣: ٣، ٢). عیسا بەهەر یەکێ لە منداڵەکانیدا نامەیەک دەنێرێ بۆ خێزانەکەت، گوندەکەت، وە گەڕەکەکەت کە لێی دەژی. عیسا ئێستا کە لە دڵی تۆدایە دەیەوێ بدوێ لەگەڵ دڵی ئەوانەی کە ئەو ناناسن، چونکە ڕەنگە لە وانەبن کە پەڕتووکی پیڕۆز نەخوێننەوە یان دەنگی ئەو لە پەڕەکانیدا نەبیستن، وەیان خۆشەویستی خودا لە کارەکانیدا نابینن. بەڵام ئەگەر تۆ نوێنەری ڕاستەقینەی عیسا بیت، دەکرێ ئەوان لە ڕێگەی تۆوە شتێک لە ڕەحمەت و چاکەی خودا تێ بگەن و لە خۆشەویستی و خزمەتکردنی ئەو کەڵک وەرگرن. KB 87.1

    پەیڕەوانی مەسیح وەک هەڵگرانی مەشخەڵی ڕۆشنایی دانراون بۆ ڕووناک کردنەوەی ڕێگە بۆ ئاسمان، ئەوان دەبێ ئەو ڕووناکی یەی کەلە مەسیحەوە بۆیان دێت پەخشی بکەنەوە بە سەر جیهاندا، ژیان و خوو ڕەوشتیان دەبێ وا ڕاست و پاک بێت کە خەڵکی تر لە ڕێی ئەوانەوە لە مەسیح و خزمەتەکانی تێبگەن ئەگەر ئێمە نوێنەری مەسیح بین، خزمەتەکانی وادەردەخەین کە دڵگیر بن، هەروەکو لە ڕاستیدا وایە. بەڵام ئەو مەسیحیانەی کە بە گرژو مۆنییەوە غەم وبێزاری لە دڵیان دەڕژێ و هەر پرتە و بۆڵەیانە ئەوان بە چەوت و ناڕاستی خودا و ژیانی مەسیح نیشانی خەڵکی دەدەن، وا لە خەڵکی دەگەیەنن کە خودا بە خۆشحاڵی منداڵەکانی شاد نییە، وە بەم کارە شایەتییەکی درۆ دژ بە باوکی ئاسمانیمان دەدەن. KB 87.2

    شەیتان زۆری پێخۆشحاڵە کاتێک کە دەتوانێ منداڵانی خودا ڕێنوێنی بکات بۆ بێ هیوایی و بێ بڕوایی، شەیتان ئەوەیە کە پیشانی دەدات خودا بێ ڕەحم و بێ بە زەیی یە، هەموو ڕاستییەک ئەو بە چەواشە و درۆی دادەنێ، خەیاڵی ئێمە پڕدەکات لە بیری پیسی دژ بە خودا، ئێمەش بە زۆری گوێ دەدەین بە درۆ و دەلەسەکانی شەیتان و گوێ لە هەق ناگرین، وە بەدگومانی و گرژی و بۆڵەوە ڕێزنەگرتنی خۆمان بەرانبەر بە خودا نیشان دەدەین، شەیتان هەمیشە هەوڵی ئەوەیە کە ژیانی مەسیحی، بە ژیانی بێزاری و پڕلە ئەرکی سەخت و ناهەمواری پیشان بدات، وە کاتێک مەسیحییەک لە ژیانی خۆیدا بەم دیمەنە ناڕاستەوە خۆی پیشانی خەڵک دەدات، ئەو لە ڕێی بێ باوەڕییەوە پشتگیری لە درۆی شەیتان دەکات. KB 88.1

    گەلێ کەس کە بە ڕێگای ژیاندا دەڕۆن، زۆر لە تەنگ و چەڵەمە و هەڵە و کەوتن و نائومێدیە کانیان دەدوێن، وە دڵیان پڕ دەبێ لە بێزاری و بێ هیوایی. هەروەکو لە خوشکێک ڕوویدا کە حاڵی زۆر پەرێشان بوو، ئەوسا من لە ئەوروپا بووم نامەیەکی بۆ نووسیم، داوای لێکردم کەبە چەند ووشەیەک پشتگیری لێ بکەم و وورەی بەرز بکەمەوە. شەوێک دوای خوێندنەوەی نامەکەی لە خەومدا لە باخچەیکدا بووم، پیاویک کە پێدەچوو خاوەنی باخچەکە بێ ڕێنوێنی دەکردم لە باخەکەدا، من گوڵم دەچنیە و پێخۆشحاڵبووم بە بۆن کردنیان ئەو خوشکەش ک بە تەنیشت منەوە دەڕۆیشت سەرنجی ڕاکێشام بۆ بنجەگوڵێکی دڕکاوی دەشتی کە بەری ڕێگاکەی لێگرتبوو، هەربۆیە ئەو ئاخ و داخی هەڵدەکێشا و دڵ پڕ لە خەفەت بوو. ئەو بەڕێگاکەدا نەڕۆیشت و بەدووای ڕێ پێشاندەرشکەمان نەدەکەوت، بەڵکو بە نێو دڕک وداڵەکەدا دەڕۆیشت و بە ئاخ و داخەوە دەیگوت ئاه جێی داخ نییە کە ئەم باخچە جوانە ئەم دڕکەنە خراپی بکەن؟ ڕێ پێشاندەرەکە لە وەڵامدا ووتی: واز لە دڕک و داڵەکان بهێنە، چونکە ئەوان تەنها تۆ بریندار دەکەن. گوڵ و سۆسەن ومێخەک بچنەوە. KB 88.2

    ئایا لە هەموو ڕۆژانی تاقیکردنەوەکانی ژیانتدا پەڕەیەکی پرشنگدار و ڕووناک نەبووە؟ ئایا ڕۆژێک دڵت بە خۆشی لێی نەداوە بۆ گیانی خودا؟ ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەیتەوە و لاپەڕەکانی گەشتی ژیانت هەڵدەیتەوە، ئایا پەڕەی شادی تێدا بەدی ناکەیت؟ ئایا پەیمانەکانی خودا کە وەک گوڵی بۆن خۆش ڕێگای ژیانیان ڕازاندۆتەوە بۆن و جوانیان دڵت پڕناکات لە خۆشی؟ KB 88.3

    دڕک و داڵ تەنها تۆ بریندار و غەمگین دەکات، ئەگەر تۆ تەنها ئەمانە کۆ بکەیتەوە و پێشکەشی بکەیت بە خەڵکی دی؛ ئایا تۆ بەم کارە لە چاکی و میهرەبانی خودا کەم ناکەیتەوە، وە ڕێ ناگری لە کەسانی دەوروپشت کە بە ڕێگای ژیاندا بڕۆن؟KB 89.1

    کارێکی دانایانە نییە کە یادگارە ناخۆشەکانی ژیانی ڕابووردومان—بە گوناه و نا ئومێدیەکانیەوە—بهێنێنەوە یاد و دووبارە لێیان بدوێنەوە و بە سەریاندا شیوەن و زاری بکەین تا لە بێزاری و بێ هیواییدا نوقم دەبین کاتێک کەورەی بەرداربێ و تاریکی باڵی بە سەردا کێشابێ، ڕووناکی خودای تێ ناچێت، بەڵکو تاریکی دەکێشێ بەسەر گیانی ئەوانی تردا و وێڵیان دەکات. KB 89.2

    سوپاس خودا دەکەین بۆ ئەو وێنە ڕۆشنانەی کە پێشکەشی ئێمەی کردوە لە ووتەکانیدا، با ئێمە ئەو بەرەکەتەی کە خودا بەڵێنی پێداوین لە خۆشەویستی خۆی کۆیکەینەوە، تا بەردەواوم تێیان بڕوانین : دەبینین ڕۆڵەی خودا عەرشی باوکی بەجێ دەهێڵێ و بەرگی سرووشتی مرۆڤایەتی لەبەر دەکات تا مرۆڤ لە هێزی شەیتان ڕزگار بکات؛ سەرکەوتنی ڕۆڵەی خودا دەبینین لە پێناوی ئێمەدا کە دەروازەی ئاسمانی بۆ دەکرێتەوە، عەرشی پیرۆزی خودا و مەزنی ئەو لەگەڵ شکۆیی خودا بێ پەردە لە دیدی مرۆڤدا ئاشکرا دەبێ؛ نەژادی مرۆڤی دۆڕاوو و سەرلێشێواو دەبینین لە چاڵی نابووتی و وێرانیدا کە بەهۆی گوناهەوە تێدا نوقم بووە، گەڕاوەتەوە بۆ پەیوەندی کردن بە پشت و پەنای خودای گەورە بێ سنوور، لە تاقیکردنەوەی پیرۆزی ئاسمانیدا لە ڕێی باوەڕ بە ڕزگارکەرمان سەرکەوتنی بە دەست هێناوە، بەرگی چاکی و ڕاستی و دروستی مەسیحی لەبەر کردووە و لە سەر عەرشی ئەو دانیشتووە، ئەمانە ئەو وێنانەن کە خودا دەیخاتە بەر دەستمان و دەیەوێت ئێمە تێیان بڕوانین و هەردەم پێیان شادبین. KB 89.3

    کاتێک ئێمە گومان لە خۆشەویستی خودا بکەین و بێ باوەڕ بین بە پەیمانەکانی بەوە ئێمە ئەو دەشکێنین و گیانی پیرۆزی غەمبار دەکەین. هەستی دایکێک چۆن دەبێ ئەگەر منداڵەکانی بەردەوام شکاتی لێ بکەن و گوناهباری بکەن بەوەی کە گوایە ئەو هەستی چاکە و خۆشەویستی کەمە بۆیان، لە کاتێکدا ئەو هەموو هەوڵ و کۆششی ژیانی ئەوە بێت کە ئەوان بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن و ئاسوودەیی یان پێ ببەخشێت؟ ئایا دڵ شکا و نابێت کە ببینێت منداڵەکانی گومان لە خۆسەویستی ئەو دەکەن؟ ئایا هیچ دایک و باوکێک ڕازی دەبن کە منداڵەکانیان بەم جۆرە ڕەفتاریان لەگەڵ بکات؟ باوکی ئاسمانیمان دەبێ چۆن سەیرمان بکات کاتێک باوەڕ بە خۆشەویستی ئەو نەکەین، کە ڕۆڵەی تاقانەی لە پێناوی خۆشەویستی ئێمەدا بەخت کرد تا ژیانی هەمیشەیمان هەبێت؟ هەر وەک پێغەمبەری پۆڵس دەڵێ “ئەو کە دەستبەرداری ڕۆڵەکەی خۆی بوو، وە لە پێناوی هەموان پێشکەشی کرد، ئیتر چۆن لەگەڵ ئەو هەموو شتێکمان پێ نابەخشێت” (ڕۆما ٨: ٣٢) هێشتا لەگەڵ ئەوەشدا کەسانێک هەن بە کردەوە دەیڵێن ئەگەر بە زمان نەبێ کە ( مەبەستی خودا لە پەیمانەکانی من ناگرێتەوە، ڕەنگە ئەو خەڵکی تری خۆش بوێ بەڵام منی خۆش ناوێت.)KB 90.1

    بەم هەڵوێستە ئازاری گیانی خۆت دەدەیت؛ درکاندنی هەر ووشەیەکی گومان و بێ بڕوایی بانگ کردنی شەیتانە بۆ هەڵخەڵەتاندن؛ گومانت تێدا بەهێز دەکات، فریشتەکانت لێ زویردەکات کە لە خزمەت و یارمەتی تۆدان. ئەگەر شەیتان تاقیکردیتەوە بۆ فریودان، نەکەیت ڕێگا بە خۆت بدەیت کە ووشەیەک بدرکێنیت لە سەر گەومان و بێ باوەڕی. کە دەرگات کردەوە بۆ گوێگرتن لە بۆچوونەکانی شەیتان، مێشکت لە گومان لێکردن کە دەری دەبڕیت نەک بە تەنها کاری خراپی بۆ خۆت هەیە، بەڵکو لە بیر و ڕای خەڵکیدا تۆوێکی بەرداری خراپ دەڕوێنی کە هەرگیز لە ناو ناچێت. تۆ بۆ خۆت ڕەنگە بگەڕێیتەوە لە دوای شەیتان ڕزگارت بێ، بەڵام ئەوانەی تر بە قسەی تۆ گومانیان تێدا ڕواو سەرلێشێواو بوون ڕەنگە هەرگیز لە گومان و بێ باوەڕی ڕزگاریان نەبێت. زۆر گرنگە ئێمە لە گفتوگۆماندا لەگەڵ خەڵکدا تەنها ئەو شتانە بڵێین کە ئیمان و باوەڕی ڕزگاریان نەبێت. زۆر گرنگەئێمە لە گفتوگۆماندا لەگەڵ خەڵکدا تەنها ئەو وشتانە بڵێین کە ئیمان و باوەڕ و ژیانیان بە هێز دەکات. KB 90.2

    فریشتەکان گوێ دەگرن تا ببیسن تۆ چ جۆرەهەوڵ و پەیامێکت پێیە بۆ جیهان سەبارەت بە خوداوەندی ڕزگارکەرمان مەسیح، با گفتوگۆی تۆ هەمیشە دەربارەی ئەو بێ کە دەژی بۆ ئەوەی بۆت بپاڕێتەوە لەبەر دەم باوکی ئاسمانیدا. کە سڵاو و تەوقە لەگەڵ هاورێیەکت دەکەی، با ستایش بۆ خودا لە سەر لێو و لە ناو دڵتدا بێت، بەم کارە سەرنجی هەڤاڵەکەت بۆ مەسیح ڕادەکێشی. KB 91.1

    هەموو کەس گرفتاری و مەینەتی خۆی هەیە کە هەڵگرتنی سەختە و بەرگەگرتنی ئاسان نییە، لە مەینەتیەکانی خۆت مەدوێ بۆ هاوڕێکەت، بەڵکو لە دووعا و نوێژدا بیدرکێنە بۆ خودا، ئەمە بکە دەستوور و ڕەوشتی خۆت کە هەرگیز ووشەیەک لە گومان و بێ هیوایی دەرنەبڕیت لە قسەکانتدا، بەڵکو هەوڵ بدە تا دەتوانی ژیانی خەڵکی دی ڕووناک بکەیتەوە بە ووشەی هیوا و باوەڕی پیرۆز ورە و کۆششیان بە هێز بکەیت. KB 91.2

    گەلێک گیانی ئازاد و دلێر دەکەوێتە ژێر پاڵەپەستۆی تەماعی شەیتان، لە نێوان دەروونی خۆیان و هێزەکانی شەڕ لە ناکۆکیەکی گەرمدا بن . ئەم جۆرە گیانە لە و تێکۆشانە سەختەدا بێ هیوا مەکە، بەڵکو پشتگیری لێ بکەو شادی کە بە ووشەی ئومێد، هاندەری بە بۆ بەردەوام بوون تا سەرکەوتن، با ڕووناکی مەسیح لە تۆوە بۆ کەسانی دی بدرەوشێتەوە، “کەسمان لە پێناوی خۆمان ناژین،” (رۆما ١٤: ٧). بەهاندان و کارتێکردنی ئێمە، ئەگەر هەستیشی پێ نەکەین، دەتوانین پشتگیری لە خەڵک بکەین و بە هێزیان بکەین، نەک لە پشت بەستن بە مەسیح و پەسەند کردنی ڕاستی ساردیان کەینەوە و بێ هیوایان بکەین. KB 91.3

    گەلێک کەس هەن کەدەربارەی ژیانی و ڕەوشتی مەسیح خاوەن بیر و ڕای هەڵەن. دەڵێن کە گوایە مەسیح گەرموگوڕ نەبووە، گۆشەگیر و پەست بووە. هەر بۆیە ئەوان هەموو تاقیکردنەوەکانی ژیان و بۆچوونەکانیان ڕەنگی ئەم بۆچوونە ناڕاستەیان پێوە دیارە . KB 91.4

    بە زۆری وتراوە مەسیح گریا، بەڵام هەرگیز نەوتراوە کە پێکەنی. ڕزگارکەرمان لە ڕاستیدا پیاوێکی ئاشنا بە خەفەت بوو، چونکە دڵی کردبۆوە بۆ ئازار و مەینەتی مرۆڤ، هەڵگری ناخۆشی و مەینەتیەکانیان بوو ژیانێکی لە خۆبوردو فیداکاری هەبوو، هەوری ئازاری مەینەتی باڵی بە سەردا کێشابوو، بەڵام گیانی پیرۆزی نەشکابوو بەڵکو بەورە و بە هێز بوو. دیمەنی خەفەتبار و دڵتەنگ نەبوو، بەڵکو ڕووخسارێکی هێمن و ئارامی هەبوو، دڵی وەکو کانی ژیان وابوو، بۆهەر کوێیەک دەچوو ئاشتی و شادی و خۆشحاڵی لێ هەڵدەقوڵا. KB 92.1

    ڕزگارکەرمان زۆر سەر ڕاست و ئەهلی کاربوو، بەڵام هەرگیز ڕوو گرژ و خەفەتبار نەبوو، ئەو کەسانەی کە پەیڕەوی ئەو دەکەن ژیانیان پڕدەبێت لە ورەی بەرز و هەوڵ و کۆشش، خاوەن هەستێکی قووڵی لێپرسینەوەی شەخسی دەبن، لە ئارەزوی هەوەسی نزم و ڕەفتاری سووک و گاڵتەی ناشرین دوور دەکەونەوە ، ئاینی مەسیحی لە شێوەی ڕووبارێک ئاشتیان دەداتێ، ڕووناکی شادیان ناکوژێنێتەوە، خۆشییان خامۆش ناکات، هەور و تەم ناخاتە سەر ڕووی گەشی زەردەخەناویان. مەسیح نەهات بۆ ئەوەی خزمەت بکرێت بەڵکو هات بۆ ئەوەی خزمەت بکات، کاتێک خۆشەویستی ئەو لە دڵمان جێگیر دەبێ، ئێمە پەیڕەوی لە کردەوەکانی مەسیح دەکەین و دەبێتە ڕێڕەوی ژیانمان.KB 92.2

    کە دەڕوانینە زوڵم و زۆری خەڵکی، هەست دەکەین کە ئێمە هەرگیز ناتوانین ئەوانمان خۆش بوێ، وەکو مەسیح ئێمەی خۆش ویست. بەڵام ئەگەر قووڵتر بیربکەینەوە لە سۆز و خۆشەویستی بێ وێنەی مەسیح بۆ ئێمە، ئەوسا هەمان هەست و خۆسەویستی لە ئێمەشدا هەڵدەقوڵێ بۆ خەڵکی دی. ئێمە پێویستە لە سەرمان کە یەکترمان خۆش بوێ و ڕێز لە یەک بگرین هەرچەندە هەڵە و کەم و کووڕیش لە یەکدا بەدی بکەین، ئەگەر بە گیانێکی سادە و ساکار خۆمان پەروەردە بکەین، دڵنەرم و دان بەخۆگر بین و چاوپۆشی لە هەڵە و کەم و کوڕی یەکتر بکەین، ئەم کارە گیانی خۆپەرستی لە ئێمەدا دەکوژێ و دڵ ودەروونێکی فراوان و لێبوردەمان پێ دەبەخشێت. KB 92.3

    سروودی داود دەڵێ “پشت بە خودا ببەستە و چاکە بکە، بە ئاشتی و ئارامی بژی” (سروودی داود ٣٧: ٣) پشت بە خودا ببەستە، چونکە هەموو ڕۆژێک پەرێشانی و قورسایی و سەرگەردانی خۆی هەیە، کاتێک لەگەڵ یەکتر کۆ دەبینەوە، زۆر ئامادەین لە گیر و گرفت و ناڕەحەتییەکانمان بدوێین، ناخۆشی و دەردەسەرییەکی زۆربۆ خۆمان کۆ دەکەینەوە، ماوە دەدەین بە ترس و شەڕ ، بە جۆرێکی وا قورسایی و پەرێشانی ژیانمان بۆ یەکتر دەردەبڕین، وەکو ڕزگار کەرێکی خۆشەویست و بە توانامان نەبێ کە گوێ لە داخوازییەکانمان بگرێ و لە کاتی تەنگانەدا بە هانەمان بێت و یارمەتی دەرمان بێت هەندێ کەس هەمیشە دەترسن ولە ناڕەزایی و پەریشانیادا، لە کاتێکدا هەموو ڕۆژێک بە بەڵگەی خۆشەویستی خودا دەورە دراون و لەبەرەکەتی پڕ بایەخی ئەو خۆشی دەبینن، بەڵام چاو دەپۆشن لەم خێر و بەرەکەتانەی کە ئامادە کراوە بۆیان، بەردەوام بیریان لای ئەو شتە ناپەسندانەیە کە دەترسن بێت، یان هەندێک گیر و گرفت کە دەتوانێ ڕوو بدات، ئەگەر چی بچووکیش بێت، چاویان کوێرە لە ئاستی ئەو هەموو بەرەکەت و نیعماتانەی خودا کە جێی سوپاس و ڕازی بوونە، لە باتی ئەوەی ئەم گیر و گرفت و کێشانە ڕایان بکێشێ بۆ لای خودا کە تەنها سەرچاوەی یارمەتی و ڕزگار کردنە، کەچی جیایان دەکاتەوە لە و، چونکە پەرێشانی و ناڕەزاییان تێدا دروست بووە. KB 93.1

    ئایا کارێکی چاکە ئێمە بێ باوەڕ بین؟ بۆ دەبێ سوپاسی خودا نەکەین و باوەڕی تەواومان نەبێت؟ مەسیح هاوڕێمانە، ئاسمان بە تەنگ خۆش بەختی و بەرژەوەندی ئێمەوەیە، نابێ بهێڵین پەرێشانی وقورسایی رۆژانەی ژیان بیرمان بشێوێنی و ڕوومان گرژ بکات، چونکە ئەگەر خۆمان بە دەستەوە بدەین، هەمیشە شت زۆرە کە خەفەت و پەستیمان بۆ بهێنێت و ئازارمان بدات نابێ ماوە بە پەرێشانی و نیگەرانی بدەین چونکە دڵ تەنگمان دەکات و دەمان ڕووخێنێ و یارمەتیمان نادات کە بەرگەی تاقیکردنەوەکانی ژیان بگرین تۆ لەوانەیە لە کاری بازرگانیتدا یان لە ژیانی رۆژانەتدا تووشی نشێوی و زەرەر و سەر لێشێوان بییت، چاوەڕوانی و ئایندە و بۆچوونەکانت لە تەم وتاریکیادا بن، زیان لە هەموو لایەکەوە هەڕەشەت لێ بکات، بەڵام بێ هیوا مەبە، هەرچی ترس و دڵ پەرێشانیت هەیە بیخەرە سەر خودا، هێمنی و ڕووخۆشی و ئومێدی خۆت بپارێزە، دووعا بکە و لە خودا بپاڕێوە و داوای دانایی و ڕێپێشاندانی لێ بکە بۆ بە ڕێوەبردنی کاروبارەکانت، تا بەدیدی ڕوونەوە تێیان بڕوانیت و ڕێگا لە زیان و ناخۆشی وترس بگریت. KB 93.2

    چەند دەتوانی هەموو هەوڵێکی خۆت بخەرە کار بۆ هێنانەدی باشترین ئەنجام، ئەگەر ئێمە هەوڵی خۆمان بە تەواوی دابێت، خودا بەڵێنی یارمەتی خۆی داوە. کاتێک پشت بە یارمەتیدەرت دەبەستی، تۆ هەموو هەوڵێکی خۆت داوە، بەڕوو خۆشییەوە ئەنجامەکەی قوبوڵ بکە. خودا حەزناکات بەغەم و پەرێشانی باری سەرشانی خەڵکی خۆی قورس بکات، هەروەها خودا هەڵمان نافریوێنێ، بە ئێمە ناڵێت: مەترسن، ڕێگاتان پارێزراوە، هیج ناخۆشی و مەترسییەک نەیەتە ڕێگاتان. ئەو دەزانێ تاقیکردنەوە و مەترسی هەیە، ئەو ڕوون وسادە لە گەڵماندا دەدوێ . ئەو نایەوێت خەڵکی خۆی لە جیهانی گوناه و شەڕ دەربهێنێت، بەڵکو ڕێنوێنیمان دەکات بۆ پەناگایەکی ئەمین و ئاسایش. مەسیح نوێژ و دووعای بۆ شاگردەکانی ئەمە بوو “داخوازی من بۆ ئەوە نییە کە تۆ ئەوان لەم جیهانە بستێنیتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە لە بەڵای شەیتان بیان پارێزێ”، (یۆحەننا ١٧: ١٥)، هەروەها “ئەم شتانەی کە پێم ووتن، کەوا لە منەوە ئاشتیتان دەبێ. لە جیهانەوە تووشی ناڕەحەتی دەبن. بەڵام مژدەتان لێ بێت؛ کە من بەسەر جیهاندا زاڵ بووم” (یۆحەننا ١٦: ٣٣).KB 94.1

    مەسیح بۆ ئامۆژگاری شاگردەکانی لە سەر چیا، دەرسی بە نرخی فێر کردن سەبارەت بە باوەڕهێنان بە خودا مەبەست لەم دەرسانە هاندانی منداڵانی خودا بوو لە هەموو سەردەمێکدا، تا ئەم دەرسانە لەم سەردەمەی ئێمەشدا پڕ کەڵکن لە فێربوون و زانیاری و ڕێ نومایی. ڕزگارکەرمان سەرنجی شاگردەکانی ڕاکێشا بۆ باڵندەکانی ئاسمان کە چۆن دەخوێنن و دەچریکێنن بە ئاوازی ستایش و سوپاس گوزاری بێ هیچ غەم و پەژارەیەک، لە کاتێکدا نە چێنەر و نەدروێنە کەرن، بەڵام خودای مەزن پێداویستیەکانیان بۆ ئامادا دەکات. ئینجا ڕزگارکەرمان لێیان دەپرسێ “ئایا ئێوە لە و باڵندانە زیادتر نین؟” (مەتتا ٦: ٢٦). خودا خۆراکدەری مرۆڤ وگیاندارانە، ئەو کەدەستی دەکاتەوە گشت دروست بووانی تێر دەکات، خودا تەنانەت باڵندەکانی ئاسمانیش پشت گوێ ناخات، ئەو خواردن ناکات بەدەمیانەوە، بەڵام ئازووقەیان بۆ ئامادە دەکات. ئەوان پێویستە ئەو دانەوێڵەی کە بۆی بڵاو کردوونەتەوە بیچننەوە، کەرەستەی لانەی بچووکیان کۆ بکەنەوە، خواردن بە بێچووەکانیان بدەن. بە ئاسماندا دەفڕن و ئاواز بۆ کار دەخوێنن، چونکە باوکی ئاسمانی نانیان دەداتێ “ئایا ئێوە لە و باڵندانە زیادتر نین”؟ ئایا ئێوە کە هۆشمەند ترین وئاقڵ ترین و خواپەرست ترین گیانلەبەرانی خودان لە بالندەکانی بە نرخ ترنین بۆ خودا؟ ئایا دروستکەر و پارێزەری ژیانتان هەموو پێویستییەکی ژیان بە ئێوە نادات ئەگەر ئێوە تەنها پشتتانی پێ ببەستن و باوەڕی پێ بهێنن؟KB 94.2

    مەسیح سەرنجی شاگردەکانی ڕاکێشا بۆ گوڵە کێویەکان کە چۆن گەشە دەکەن و بە جوانییەکی سادە ڕازاونەتەوە، باوکی ئاسمانی وەک دەربڕینی خۆشەویستی خۆی پێشکەش مرۆڤی کردووە، ووتی بڕواننە “سۆسەن لە کێڵگە، چۆن گەشە دەکەن” (مەتتا ٦: ٢٨)، جوانی و سادەیی و ڕەنگا و ڕەنگی ئەو گوڵە کێویانە لە سولەیمانی دانا پۆشتە ترن، جوانترین جل وبەرگ کە بە دەستی هەنەرمەندترین وەستا دروست کرابێ و ڕازا بێتەوە ناگات بجوانی سروشتی ئەم گوڵانە ئینجا مەسیح پرسی “گەر خودا بەم جۆرە بەرگی بۆ چیمەن و گوڵزاری دەشتی کردبێت، کە ئەمڕۆ هەن و سبەینێ تەندوریان پێ دادەخرێت، ئایا خودا زیادتر ئێوە پۆشتە ناکاتەوە؟ ئاه لە ئێوەی کەم باوەڕ!” (مەتتا ٦: ٣٠). ئەگەر خودا ئەم بەرگە جوانە ڕەنگا و ڕەنگەی بەخشی بێت بەم گوڵەسادانە، دەبێ ئەو چەند زیادتر بە تەنگ ئێوەوە بێت کە ئیوەی لە سەر وێنە و شێوەی خۆی دروست کردووە ؟ ئەم دەرسەی مەسیح سەرزەنیشت و وریاکردنەوەیە بۆ کەسانی دوو دڵ ڕاڕا و ڕەشبین و سەر لێشێواو. KB 95.1

    خودا ئارەزوو دەکات کە هەموو کوڕ و کچەکانی لە بەختیاری و ئاشتی و فەرمانبەریدا بژین، عیسا دەڵی “ئاشتی خۆمتان دەدەمێ نەک بەو جۆرەی کە جیهان دەیدات. دڵگران مەبن، مەترسن. ئەم شتانە پێ ووتن بۆ ئەوەی جێی بەختیاری من بن، و بە ختیاری ئێوەش سەرتاپا بێت” (یۆحەننا ١٤: ٢٧، ١٥: ١١). KB 95.2

    ئەو بەختیارییەی کە لە خۆپەسەندییەوە هاتبێ و دوور بێت لە ڕێگەی فەرمانەوە، لاسەنگ و ناڕێک و پێک و کاتییە، لە ناو دەچێت و دەروون غەمگین و تەنها دەمێنێتەوە، بەڵام لە خزمەتی خودادا خۆشی و ڕازی بوونی هەمیشەیی هەیە. ئاینی مەسیح لێناگەڕێ ڕێی ناڕاست بگرێتە بەر، ناهێڵێت بێ بەرو پەشیمان و نائومێد بیت. تا ئەگەر لەم ژیانەدا بەختیاریمان نەبێت، بە خۆشحاڵییەوە دەڕوانینە ژیانی هەمیشەیی دوایی. KB 95.3

    تا لەم ژیانەشدا، کەسانی مەسیحی ئیماندار دەتوانن خۆشی هاوبەشی ژیانیان لەگەڵ مەسیح هەبێت، دەتوانن ڕووناکی خۆشەویستیی ئەویان هەبێت، بە ئامادەبوونی هەمیشەیی ئەو لەگەڵ یان خۆشحاڵ و بەهرەوەر بن. هەر هەنگاوێکی ڕاست لە ژیاندا دەتوانێ ئێمە نزیک بخاتەوە لە مەسیح، دەتوانێ تاقیکردنەوەیەکی قووڵتر لە خۆشەویستی ئەو بە ئێمە ببەخشێت، وە نزیکترمان بکاتەوە لە نیشتیمانی پیرۆزی. با دڵنیایمان کەم نەکات، با پتەو بێت، پتەوتر لە هەموو کاتێک”، تا ئێرە خودا یارمەتی داوین” (١ سامۆئیل ٧: ١٢)، وە هەتا دوایش یارمەتیمان دەدات. با لە ستوونەکانی یادگاری مێژوو بڕوانین و ببینین کە چۆن خودا یارمەتی ئێمەی داوەو پاراستوینی لە دەستی وێرانکاران. با چاکە و میهرەبانی خودا هەمیشە لە یادمان بێت؛ ئەو فرمێسکانەی کە ئەو سڕی، ئەو ژانانەی کە ئەو ئازاری شکاند، ئەو غەم و خەفەتانەی کە ئەو نەیهێشت، ئەو ترسانەی کە دووری خستەوە، ئەو پێداویستیانەی کە ئامادەی کرد، ئەو نیعمەت و بەرەکەتانەی کە بەخشی، با هەمووئەمانە لە یاد نەکەین-تا بەم جۆرە پشت و پەنامان بە خودا بێت و دڵ و دەروونمان بەهێز بکەین بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو شتانەی دێنە پێشمان لە پاشماوەی ڕێگەی ژیانماندا. KB 96.1

    ئێمە ناتوانین هەر بەتەنها بڕوانینە ئەو ئاڵۆزی و سەرگەردانییە نوێیانەی کەلە ئەنجامی ناکۆکییە تازەکاندا ڕوودەدەن، بەڵکو دەبێ هەروەها بڕوانینە ڕابوردووش و بڵێین تا ئێرە خودا یارمەتی داوین “وەکو ڕۆژان، هەروا بە هێز دەبی” (تەسنیە ٣٣: ٢٥)، تاقیکردنەوەکانی خودا لە و هێزە تێناپەڕێت کە بە ئێمە دەراوە بۆ بەرگە گرتنی. با لە هەر کوێیەکدا کارمان دۆزییەوە بیکەین، بەو باوەڕ و دڵ نیاییەوە کە هێزی سەرکەوتنمان دەدرێتێ بۆ هەموو کێشە و تاقیکردنەوەیەک. KB 96.2

    بە زوویی لە ڕێگەی مەسیحەوە دەرگای ئاسمان دەکرێتەوە بۆ منداڵانی خودا، لە لێوی خودای شکۆ مەزنییەوە دووعای خێر و بەرەکەت وەکو خۆشترین ئاواز دەگاتە گوێیان “وەرن ئەی ئەوانەی باوکم پیرۆزی کردوون، ئەو پادشاهەتیە وەرگرن کە لە دروست کردنی جیهانەوە بۆتان ئامادە کراوە” (مەتتا ٢٥: ٣٤). KB 96.3

    ئەوسا مەسیح پێشوازی لە ڕزگار بووان دەکات لە و جێی یەی کە ئامادەی کردووە بۆیان. لە وێ هاوڕێ و هاوبەشەکانیان کەسانی خراپی سەر زەوی نین؛ لە درۆزن و ناپاک و بت پەرست و بێ باوەڕ، بەڵکو هاوڕێی کەسانێکن کە بەسەر شەیتاندا سەرکەتوون و لە ڕێی نیعمەت و بەرەکەتی خوداوە خوو ڕەوشتێکی تەواو ڕاستیان پێک هێناوە. هەر گوناه و ناتەواوی و کەم وکوڕییەک کە هەیان بێت بە خوێنی مەسیح پاک دەبێتەوە مەزنی و ڕۆشنایی شکۆی ئەو کە لە سەرووی ڕۆشنایی خۆرەوەیە پێ یان دەگات. وە جوانی ڕەوشت و سیفاتی تەواوی ئەو بەسەریاندا دەدرەوشێتەوە، لەبەر ئەوەی پاک و بێ گوناهن لەبەر دەمی عەرشی خوادا هاوبەشی شەرەف و سیفاتی فریشتەکان دەکەن. KB 97.1

    بەرامبەر بەم میراتە شکۆ دارە مەزنە “مرۆڤ بۆ کڕینەوەی ژیانی خۆی چی پێشکەش دەکات” (مەتتا ١٦: ٢٦)، ئەو لە وانەیە هەژار بێت، بەڵام هێشتا لە دەرووندا شەرەف و سامانێکی هەیە کە هەموو جیهان نییەتی، دەروونێک کە پاک بووبێتەوە لە گوناه، بە هەموو توانایەکیەوە لە خزمەتی خودا بێت، زۆر لە خشڵ بە نرخ ترە. لە ئاسماندا خودا و فریشتە پیرۆزەکان خۆشحاڵی خۆیان بۆ گیانە ڕزگار کراوەکان بە ئارەز و سروودی سەرکەوتنی گەورە و پیرۆز دەر دەبڕن.KB 97.2

    Larger font
    Smaller font
    Copy
    Print
    Contents